ته‌ریقه‌ت له عورفی ئه‌هلی ته‌سه‌ووفدا به مه‌عنای سلووك و گرتنه‌به‌ری ڕيگای به جێ هێنانی عيبادهت و فهرمانبهرداريی خواي تهعالايه به دڵسوزی و به ڕاستی.
خواي ته‌عالا له قورئاندا فه‌رموويه‌تی: « وَما خَلَقْتُ الجِنَّ وَ الإنْس إلّا لِيَعْبُدُون» واته: ئادميزاد و جنوكهم بۆ هيچ دروست نه‌كردوه بۆ ئه‌وه نه‌بێ بمپه‌رستن و به‌نده‌گيم بكه‌ن. پهرهستين و بهندهگیيش ئه‌بێ به دڵسۆزانه و خاوێن و بێگه‌رد بێ. خوا له قورئانا فه‌رموويه‌تي:« و َما اُمِروا إلّا لِيَعْبُدُوا الله مُخْلِصينَ لَهُ الدِّين» واته: فه‌رماني هيچيان نه‌دراوه‌تێ ئه‌وه نه‌بێ خواپهرستييان خاوێن و بێگه‌رد بێ. هه‌روه‌ها فه‌رموويه‌تي:«ألا للهِ الدّين ُالخالِص» واته: په‌رستني بێگه‌رد هه‌ر بۆ خوايه. پهرستنيش كه پێويسته خاوێن و بێگه‌رد بێ، دوو به‌شه: يه‌كه‌م: ئهسڵیيه كه ئيعتقاد و باوڕه به زاتی خوا و فريشته‌كان و پێغه‌مبه‌ران و ئه‌و كتێبانه‌ی كه خوای ته‌عالا ناردوونی بۆ سه‌ر ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه و باوه‌ڕ به ڕۆژی قيامه‌ت و قه‌زاو قه‌ده‌ر واته باوه‌ڕ به‌وه كه هه‌رچی له عاله‌مدا ئه‌بێ و ئه‌كرێ هه‌مووی خوا پێی ئه‌زانێ و به دروست كردنی خوايه.
به‌شی دووهه‌ميش فهرعيياتی دينه كه وتنی كهليمهی شه‌هاده‌ته واته« أشهدُ أنْ لا الهَ الا الله و أشهدُ أنَّ محمّداً رسولُ الله» و به جێ هێنانی پێنج فه‌رزه‌ی نوێژ له هه‌موو شه‌و و ڕۆژێكدا و ڕۆژوو گرتنی ره‌مه‌زان له هه‌موو ساڵێكدا و دانی زه‌كاتی ماڵ به موسته‌حه‌ققان و حه‌جی ماڵی خوا له مه‌ككه بۆ هه‌ر كه‌س ده‌سه‌ڵات و توانای ببێ، وه‌ك له شه‌رعدا باسی كراوه.
به‌شی یه‌که‌م كه ئيمان و باوه‌ڕه، به ساده‌يی له ته‌مێ و ته‌ربيه‌ی ناو ماڵ و له ده‌می موسڵمانان وه‌ر ئه‌گيرێ و به شێوه‌ی عيلميش له خوێندنی كتێبی ئيعتقاد و ده‌رس وه‌رگرتن له مامۆستايانی زاناوه وه‌ر ئه‌گيرێ. هه‌روه‌ها به‌شی فهرعيياتيش له ته‌مێ و ته‌ربيه‌ی ناو ماڵ و چاو لێ كهريی موسڵمانان و له خوێندنی ده‌رسی شه‌رع وهرئهگيرێ لای مامۆستای زانا و شاره‌زا.
خاوێنی و بێگه‌ردی له عيبادهتدا كه بۆ ئهسلیياتيش و فهرعیياتيش پێويسته، چه‌ند ڕيگای هه‌يه، يه‌كه‌م: بههرهيهكه خوا ئهيبهخشێ به ئاده‌مزاد و هيدايه‌تی ئه‌دا كه‌وا به ساغی و ڕاستی خه‌ريكی خوا په‌رستی ببێ. دووهه‌م: به جێهێنانی ئادابی دين وه‌ك كردنی ئه‌و شتانه‌ی خوا فه‌رمانی به كردنيان داوه و نه‌كردنی ئه‌و شتانه‌ی خوا فه‌رمانی به نه‌كردنيان داوه كه ئه‌مه‌ش ورده ورده ئه‌بێ به هۆی ئه‌وه كه نه‌فسی ئينسانی له سه‌ر دا بمهزری. سێهه‌م: ئه‌و جۆره هه‌وڵ و تێكۆشانه كه پێغه‌مبه‌ر (د. خ) كردوويه‌تی و به‌رده‌وام بوون له سه‌ر تاعه‌ت و سه‌بر و خۆ ڕاگرتن له به‌ر باری ئازار و زه‌حمه‌تی دوژمنان‌دا و هه‌وڵ دان وجيهاد له ريگه‌ی ڕاستيدا و خۆ دوور ڕاگرتن له‌وانه كه غافڵ و بێهۆش و بێ‌ئاگان له به‌جێهێنانی واجباتی دين، چونكه نه‌فسی ئينسان هه‌ميشه ئينسان به‌ره‌و گوناهـ و خراپه رائه‌كێشی و نه‌فس تا له سيفاتی خراپ پاك نهكريتهوه، مه‌يدانی ئه‌وه ئه‌بێ كه شه‌يتان كنهی تيا بكا و له ڕێی چاكه لای بدا، بويهش پێغه‌مبه‌ر(د. خ) فه‌رموويه‌تی: « إنّ الشَّيطانَ لَيَجری مِنْ إبنِ آدَم مَجْرَی الدَّم» واته: شه‌يتان وه‌ك خوێن به ناو له‌شی ئاده‌مزاددا دێت و ده‌چێ. به كورتی نه‌فسی ئينسان بێ ته‌زكيه‌و خاوێن كردنه‌وه ناگا به پايه‌ی دڵسۆزی، بۆيه‌ش خوا فه‌رموويه‌تی: « وَالَّذينَ جاهَدُوا فِينا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنا » واته: ئه‌وانه‌ی له ڕێگای ئێمه تێكۆشاون ڕێگای خۆمانيان نيشان ئهدهين. هه‌روه‌ها فه‌رموويه‌تی: « قَدْ أفلَحَ مَنْ زَكّاها وَ قَدْ خابَ مَنْ دَسّاها» واته: ئه‌و كه‌سه‌ی نه‌فسی خۆی خاوێن بكاته‌وه رزگاری ئه‌بی و ئه‌و كه‌سه‌ی گومڕای بكا ڕه‌نجی به خه‌سار ئه‌چێ.
چواره‌ميش به هۆی هاوڕێيه‌تی و خۆشه‌ويستيی راستانی مه‌يدانی خواپه‌رستی وه‌ك پێغه‌مبه‌ران و ڕێبه‌رانی دين. له سه‌ر ئه‌م بناغهيه خوا فه‌رموويه‌تی:« يا أيُهَا الّذينَ آمَنُوا اتّقُوا اللهَ وَ كُونُوا مَعَ الصّادِقِين» واته: ئه‌ي خاوه‌ن باوڕه‌كان! له خوا بترسن و له گه‌ڵ ڕاستان بن. و پێغه‌مبه‌ريش فه‌رموويه‌تی: « وَ الّذِی نَفْسِی بِيَدِهِ لا يُؤمِنُ أحَدُكُم حَتّی أكونُ أحَبُّ إلَيْهِ مِنْ وَلَدِهِ وَ والِدِهِ وَ النّاسِ أجمَعيِن » واته: قه‌سه‌م به‌و خوايه‌ی گيانی من به ده‌ستی ئه‌وه، ئيمانی كه‌ستان ته‌واو نابێ تا منی لا له مناڵی و له باوكی و له هه‌موو خه‌ڵك خۆشهويستتر نه‌بێ.
جا كه هاوڕێيه‌تی پياوچاكان له گه‌ڵ خۆشويستندا هاته دی و ئينسان ڕێگای ئه‌و پياوچاكانهی گرت، دڵی ئه‌بێ به ئايهنهێ سيفات و ڕه‌وشتی ئه‌و كسانه و به‌و جۆره كه دڵی ئه‌وان نوورانی بووه، دڵی ئه‌ميش نووراني ئه‌بێ. وه‌كوو چۆن ئينسان ئه‌گه‌ر لای ئاگردا دابنيشێ هه‌موو له‌شی گه‌رم دائهگيرسێ يا لای ئينساني زوير و په‌ست دابنيشێ خه‌م و مه‌ينه‌ت دای ئه‌گرێ و لای بۆن خۆشێکا دابنيشێ بۆنی خۆش ئه‌بێ. له سه‌ر ئه‌م ئهساسهيه پێغه‌مبه‌ر(د.خ) فه‌رموويه‌تی:« ما صَبَّ اللهُ في صَدري شَيْئَاً إلّا صَبَّهُ فِي صَدْرِ أبيبَكر» واته: خوا هيچی نهرژاندوته سنگی منه‌وه كه نهيرژاندبێته سنگی ئهبووبهكريشهوه.
له سه‌ر ئه‌م نه‌ريته بوو هاوڕێكانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) به به‌ره‌كه‌تی هاوڕێيه‌تی پێغه‌مبه‌ره‌وه دڵيان نوورانی بوو، تابعين به به‌ره‌كه‌تی هاوڕێيه‌تی هاوڕێكانی پێغه‌مبه‌ره‌وه دڵيان ڕووی كرده خوا و پاكی و ساغی و بێگهردي له دڵياندا جێ‌گير بوو.
له سه‌ر ئه‌وه‌ش كه خواي ته‌عالا خۆی خاوه‌ن ئيراده‌يه و « يَخْتَصُّ بِرَحْمَتِهِ مَنْ يَشاء » چه‌ند كه‌سێ له يارانی پێغه‌مبه‌ر له ناو ئهوانیترياندا سه‌ركه‌وتووتر بوون و له ناو كومه‌ڵی ياراندا ده‌ركه‌وتن و كهسانیتريش سووديان له‌مان وه‌رگرت. بۆ نموونه حه‌زره‌تی ئه‌بووبه‌كر(ر.خ) شێوه‌ی يادی په‌نامه‌كی و دامه‌زرانی دڵ و بهندايهتيی ساغي له دڵدا دامه‌زرا. سه‌لمانی فارسیيش له حه‌زره‌تی ئه‌بووبه‌كره‌وه ئه‌مه‌ی بۆ مايهوه. ئيمام قاسمی كوڕی موحه‌ممه‌دی كوڕی ئهبووبهكريش له‌وه‌وه. هه‌روه‌ها بايه‌زيدی بهسطاميش له ئيمام جه‌عفه‌ری صادقه‌وه ئيستيفادهی نوور و به‌ركه‌تی كرد.
سه‌رچاوه: یادی مه‌ردان؛ نووسراوی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی مدرس؛ به‌رگی یه‌که‌م، لاپه‌ڕه‌ی 132ـ 129.